ئەسڵی سەلاحییەتی جیهانی و کوردستان تریبووناڵ

٩ی نوامبری ساڵی ڕابردوو، دادوەری گشتی سۆئێد لە توێی بەیاننامەیەکی فەرمیدا، ڕایگەیاند کە کەسێکی خەڵکی ئێران بە تاوانی جینایەت دژی مافە نێونەتەوەییەکان لە نێوان ٢٨ی جولای تا ٣١ ئاوگۆستی ١٩٨٨ لە ئێران دا، لە سۆئێد دەستبەسەر کراوە.

ڕاگەیەنەرە فارسی زمانەکانیش بە سەرنجدان بەو بابەتە و بە پشتبەستن بە شکایەتکەرانی پەروەندەکە، تاوانبارەکەیان بە نێوی „حمید نوری“ ناسراو بە „حمید عباسی“کە دادیاری ئەو کاتی زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج بووە، و بەشداری ڕاستەوخۆی لە کۆمەڵکووژی سیاسی لە گەلاوێژی ١٣٦٧ی هەتاویداکردوە، ناساند.

بەو هۆیە „حمید نوری“ کاتێک گەیشتە سۆئێد، دەستبەسەر کرا و لە رێکەوتی ١٣ی نوامبر لە لایەن دادوەری باڵای بەشی لێکۆلینەوە لە تاوانە ئۆرگانیزە کراوەکانی ستۆکهۆڵم، هۆکارەکان وماوەی دەستبەسەرکردنی کاتی وهەروەها درێژکردنەوەی ماوەکە بە مەبەستی بەدواداچوونی بەڵگەکان بۆ ڕوونکردنەوەی تاوانیان پێڕاگەیاند.

گرینگیدان بەو دۆسیە بە هۆی بێزاری ڕای گشتی لەو جینایەتانەی لە زیندانی گەوهەردەشت دا کراون، پرسیارگەلێکی زۆری سەبارەت بە وردەکارییەکانی دەستبەسەرکردنی تاوانبار و هەروەها چۆنێتی بەدواداچوون بەو پەروەندەی، هێناوەتە ئاراوە.

ئایا دوای تێپەڕبوونی نزیک بە ٣٠ ساڵ، ئیمکانی لێکۆڵینەوە لەو بابەتە هەیە؟ ئایا لە بنەڕەتدا دادگاکانی سۆئێد ژێهاتوویی بەدواداچوونی ئەو جۆرە تاوانانەی کە لە ئێران دا بەڕێوە چوون، هەیە؟ „ئەسڵی سەلاحییەتی جیهانی“ چمان پێدەڵێ؟

“ ئەسڵی سەلاحییەتی جیهانی“ لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی ئەو تاوانبارە سزانەدراوانەدا، پێکهات، کە ژیانی مرۆڤ تووشی مەترسی و هەڕەشەی جدی دەکەن.

بە پێی ئەو ئەسڵەی، دادگا بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە تاوانبارو قوربانی یان قوربانییەکان سەر بە کام وڵاتن، شوێنی جینایەت و ئەوەیکە کردەوەکە لە دژی بەرژەوەندی ئەو وڵاتە بووە یان نەبووە، خاوەندارییەتی وبە دواداچوونی تاوانباردەکات.

لەو پێوەندییەدا بەناوبانگترین روودا، ئەوە بووکە لە لایەن دادوەری گشتی وڵاتی بلژیک لە ئاوریلی ساڵی ٢٠٠٠ی زایینی فەرمانی دەستبەسەرکردنی وەزیری ئەوکاتی کۆنگۆ بە تاوانی بەشداری ناوبراو لە کۆمەڵکووژی و ژێنۆسایدی قەومی دا درا.

بە دوای ئەو حوکمەدا، کۆنگۆ بە هێنانەوەی بەڵگە سەبارەت بە پارێزراوبوونی کاربەدەستانی دەوڵەتی لە ماڤی نێونەتەوەییدا، سکاڵای بردە دیوانی نێونەتەوەیی دادگوستەری و دیوان بە لەبەرچاوگرتنی پارێزراوبوونی وەزیری دەرەوە، دەوڵەتی بلژیکی مەحکووم و بڕیاری دەستبەسەرکردنی ناوبراوی هەڵوەشاندەوە.

هەر لەو ساڵەدا، یەکێک لە ئەندامانی پێشووی حیزبی توودە کە لە دەیەی ٦٠ لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی دا، ئەشکەنجە و ئازار درابوو، سکاڵای لە هاشمی ڕەفسەنجانی وەک یەکێک لە فەرماندەرانی ئەزییەت و ئازاردانی بەندییە سیاسییەکان کرد کە تەنانەت تا دەستپێکی لێکۆلێنەوە سەرەتاییەکان لە دادگای برۆکسێل بەرەو پێش چوو. بەڵام بە هۆی کارتێکەری سیاسی و هەروەها بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی دوو وڵات دیسان هیچ ئاکامێکی نەبوو.

جێی ئاماژەیە، لە مافی نێونەتەوەییدا، بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازی بۆچوون سەبارەت بە چوارچێوە و سنوورو هەلومەرجی کارکردی ئەو ئەسڵە، سەلاحییەتی جیهانی لە ئەساسنامەی دیوانی کەیفەری نێونەتەوەیی لە ساڵی ١٩٩٨ دا لە لایەن دەوڵەتەکانەوە پەسند نەکرا. بەم جۆرە پەرەسەندنی ئەو مافانە بە گشتی لە چوارچێوەی مافی نەتەوەییدا، بە تایبەت لە وڵاتە دێمۆکراتیکەکاندا لە سەر بنەمای دەسەڵاتی یاسا دانی پێدانراوە.

لەو بەستێنەدا پارڵمانی سۆئێد لە ساڵی ٢٠١٤ دا، بە پەسندکردنی یاسای „مەسئوولییەتی جەزایی“ بۆ کردەوەی ژێنۆساید و جینایەت دژی مرۆڤایەتی، چوارچێوەی ژێهاتوویی دادگاکانی ئەو وڵاتەی بۆ بەدواداچوون بە جینایەتە سامناکەکانی نێونەتەوەیی بەرین کرد. لە یاسای جەزایی پەسندکراوی ساڵی ١٩٦٢ تەنیا تاوانەکانی شەڕ و ژێنۆساید لە ژێر „ئەسڵی سەلاحییەتی جیهانی“ دا شڕۆڤە کرابوو.

یاسادانەری سۆئیدی بە پێی مادەی ٢ دەقەکانی جینایەت دژی مرۆڤایەتی دیاری کردوە. لەوانە ئەو دەقانەی پێوەندییان بە تاوانەوە هەیە بریتین لە کوشتنی کەسێکی سەربە کۆمەلێک، ئاسانکاری و ئامادەکاری بۆ ئازار و ئەشکەنجە و کردەوەی دژی ئینسانی دەرحەق بە کەسێک کە بەستراوەیی بەو کۆمەڵەوە بێت. دەستدرێژی و تووندوتیژی جنسی،دەستبەسەرکردن و گرتنی نایاسایی، بێبەریکردنی کەسەکان لە یاسای بنچینەیی مافی مرۆڤ بە هۆی بەستراوەیی سیاسی، رەگەزی، نەتەوەیی و ئیتنیکی. لە درێژەی مادەی ناوبراودا، لانی کەمی جەزا ٤ ساڵ و لانی زۆر ١٨ ساڵ یان زیندانی هەتاهەتایی بە لەبەرچاوگرتنی ڕادەی تاوان پێشبینی کراوە.

ئەوەی کە زۆر گرینگە، دەبێ کرداری تاوانبارانە و بەڵگەی پێوەندیدار لە گەڵ بەندی یاسای جینایەت دژی مرۆڤایەتی لە سیستەمی کەیفەری سۆئێد دا، یەک بگرێتەوە.

جێی ئاماژەیە کە دادگاکانی سۆئێد لە ساڵی ٢٠١٥ ڕا بە پشتبەستن بە یاسای ئاماژە پێکراو، بە شوینداچوونیان کردووە بۆ ژمارەیەک لە ئەفسەران و هێزە نیزامی و ئەمنییەکانی دەوڵەتی بەشارئەسەد، بە هۆی ئەنجامدانی کردەوەی جینایەتکارانە لە سووریە.

بەو چەشنە „ئەسڵی سەلاحییەتی جیهانی“ هاتۆتە نێو سیستەمی یاسایی زۆربەی وڵاتە ئەرووپاییەکان و لە ئێستادا دۆسییە گرینگەکانی قەزایی لە ئاڵمان و سویس بە ڕووی کاربەدەستانی پێشووی ئەمنییەتی دەوڵەتی سوورییە کراوەیە.

کوردستان تریبووناڵیش وەک دادگایەکی سەربەخۆی خەڵکی بە ڕچاوکردنی پێشکەوتنەکانی ماڤی کەیفەری نێونەتەوەیی، هەموو تواناکانی لە پێناو ئەوپەڕی کەڵکوەرگرتن لە „ئەسڵی سەلاحییەتی جیهانی“ بۆ بە محاکمەکێشانی پێشەلکارانی مافی مرۆڤ لە کوردستان، وەگەڕ خستووە.

ئاشکرایە کە خۆلێدان لەوچەشنە کەیسە یاساییە دژوارانە و داوای بەدواداچوونی تاوانباران بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان، پێویستی بە بەڵگەو دۆکۆمینتی حاشاهەڵنەگرە، بۆ پێشکەشکردنی بە کاربەدەستانی شارەزای قەزایی.

کەوابوو ئامادەکردن و سازدانی ئەو چەشنە داواکارییە یاساییانە دژ بە کاربەدەستانی قەزایی،نیزامی و ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی کە زۆربەیان بە ناڕەوا لە مافی پارێزراوی دیپڵۆماتیک کەڵک وەردەگرن و هامووشۆی وڵاتانی ئەوڕووپایی دەکەن، پێوێستی بە هاوکاری هەمەلایەنەی زیانلێکەوتووان و قوربانیانی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانە.

دادستانی کوردستان تریبووناڵ بە رێگای جۆربەجۆردا، ئامادەی وەرگرتنی سکاڵای زیانلێکەوتووان، بنەماڵەی گیانبەختکردووان یان هەرکەسێکە، کە بە هەر شێوەیەک قوربانی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامییە، بە تایبەتی دوای فتوای جیهادی خومەینی دژی خەڵکی کوردستان.

کوردستان تریبووناڵ وێڕای بە دۆکۆمێنتکردنی جینایەتەکان، بە کەڵکوەرگرتن لە „ئەسڵی سەلاحییەتی جیهانی“ بۆ ڕاوودوونانی تاوانباران بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە داهاتوویەکی نزیکدا، لە دادگایەکی خەڵکیدا بە بەشداری مافناسانی سەربەخۆی نێونەتەوەیی خەریکی تاوتۆکردنی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە کۆردستاندا، دەبێت.

دادستانی کوردستان تریبووناڵ

٨ی دێسامبری ٢٠٢٠