بانگەوازی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ مانگرتنی گشتیی "نا بۆ لەسێدارەدان"

ڕیژەی لەسێدارەدان لە کوردستاندا بە ئاستێکی لەڕادەبەدەر چووەتە سەرەوە و ماشینی سەرکوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر دڕندانە و بێشەرمانە لاوانی ئەم نیشتمانە دەکاتە قوربانی، وەک ئەوەی پەتی سێدارە و هێزی بێناوەڕۆکی خۆی بۆ سزادانی خەڵکی کوردستان و کوشتنی ئازادی و ئازادیخوازان بەکار دەهێنێت. لە دوایین هەوڵی نەزۆکانەی حکوومەتی ئێراندا بەداخەوە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، چوار لاوی بەندکراوی سیاسیی کوردی لەسێدارە دا و سزای لەسێدارەدانی شەش بەندکراوی سیاسی و ئایینیی دیکەی کورد لە دادگای باڵای ئێران پەسەند کراوە و ئەگەری جێبەجێکردنی سزای ئەو شەش هاووڵاتییەش لە ڕۆژانی داهاتوودا لە ئارادایە.

ئێمە، کۆمەڵێک لە چالاکان و ڕێکخراوی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، داوا لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان دەکەین کە لە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ بە بەشداریکردن لە مانگرتنێکی گشتی و سەرانسەری، ناڕەزایەتیی خۆتان بەرانبەر بەم ڕەوتە نامرۆڤانەی حکوومەتی ئێران کە دژی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤن، دەرببڕن.

مەبەست لەم مانگرتنە تەنیا نیشاندانی دژایەتیی سزای سێدارە نییە، بەڵکوو ڕاکێشانی سەرنجی نەتەوەیی و نێونەتەوەییە بۆ دۆخی خراپ و نالەباری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و کۆتاییهێنان بە سزای لەسێدارەدانە.
ئێمە لەم بانگەوازەدا داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ڕێکخراو و دامەزراوە مەدەنییەکان، ناوەند و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها هەموو کەسانی خاوەن ویژدانی سەرانسەری جیهان دەکەین کە پشتیوانی ئەم مانگرتن و داوخوازی و هەڵسوڕاوانە بن و هەروەتر بۆ گەیاندنی خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان کە لە پێناو بەدیهێنانی دادپەروەری و پاراستنی مافەکانی مرۆڤە، بە ناوەندە پەیوەندیدارەکان و
جیهان بەگشتی، پاڵپشتمان بن.

٢٩ی ژانویەی ٢٠٢٤ / ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

ڕێکخراوی جیهانی کورد
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا
کەمپەینی داکۆکیکاری چوار بەندکراوی سیاسیی کورد
کوردستان تریبۆناڵ
ناوەندی مافی مرۆڤی زاگرۆس


 

Logos